ئۆکتۆبەر 10, 2024

یەکماڵ دوو پڕۆژەی نوێ لە ناوچەی نۆیکۆلنی بەرلین دەکاتەوە

لە ١ی ئابی ٢٠٢٤دا، ڕێکخراوەکەمان یەکماڵ لە ناوچەی نۆیکۆلن-ی بەرلین دەستی بە دوو پڕۆژەی نوێ کرد: "خاڵی پێوەندی لە دژی تووندوتیژی و هەڵاواردن" و پڕۆژەی تەواوکاری "ئێمە پێکەوە بەهێزین!". هەردوو پڕۆژەکە لە لایەن نێوەندی فرەڕەنگیی ئینتەرسێکشناڵ-ی سەر بە ڕێکخراوی یەکماڵ-ەوە بەڕێوە دەبرێن. کۆمسیۆنی هەرێمی بەرلین دژی تووندوتیژی کە سەر بە سێناتی بەرلینە، هەروەها فەرمانگە نێوجەوانان لە نۆیکۆلن پشتگیریی دارایی پڕۆژەکان دەکەن.

بەو بۆنەوەیە بانگهێشتتان دەکەین بۆ مەڕاسیمی کردنەوەی هەردوو پڕۆژەکەمان لە ڕێکەوتی ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، کاتژمێر ١٥ لەم ناونیشانە: Mainzer Straße 26a, 12053 Berlin

خاڵی پێوەندی لە دژی تووندوتیژی و هەڵاواردن بۆ هەموو دانیشتوانی ناوچەی نۆیکۆلنە کە لەژێر کاریگەریی شێوازە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردندان. لێرە منداڵان، نێوجەوانان و گەورەساڵان هەم ئەوانەی پاشخانی کۆچبەری و پەنابەرییان هەیە هەم ئەوانەی نییانە، سوود لە ڕاوێژکاریی سەرەتایی بە زمانەکانی کوردی، ئەڵمانی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئیسپانی و تورکی وەردەگرن.

پڕۆژەی "ئێمە پێکەوە بەهێزین!" هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی خاڵێ پێوەندی، دەستی پێکرد. ئەم پڕۆژەیە بۆ منداڵان و نێجەوانانی نۆیکۆلن ئۆفەری تایبەتمەند و گرووپی پێشکەش دەکات. فێرخوازانی فێرگە یان گرووپەکانی ڕێکخراوە جڤاکییەکان دەتوانن لێرە شوێنێکی ئارام بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی وۆرکشۆپەکاندا دەربارەی ئەزموونی هەڵاواردن و تووندوتیژی قسە بکەن، هەروەها ئەزموونەکانی خۆیان بخەنە ڕوو. لە هەمان کاتدا دەرفەت دەڕەخسێت تا بەشێوەیەکی هونەری دەنگی خۆیان دەرببڕن.

بەڕێوەبەری گشتیی یەکماڵ گونای داریجی ڕایگەیاند: "خاڵی پێوەندی لە نزیکەوە لەگەڵ نووسینگەی تۆماری بەرلین کار دەکات. ئامانجی ئەم هاریکارییە ئەوەیە کە زیاتر حاڵەتەکانی هەڵاواردن لە نۆیکۆلن تۆمار بکرێن و بخرێنە ڕوو. ڕاپۆرتەکانی هەڵاواردن کە ئەم خاڵی پێوەندییە تۆماریان دەکات، لە داهاتوودا لە کۆکردنەوەی داتاکانی نووسینگەی تۆماری نۆیکۆلندا ڕەنگ دەدەنەوە."

مەری ئەرگون، بەڕێوەبەری نێوەندی فرەڕەنگیی ئینتەرسێکشناڵ و خاڵی پێوەندی لە دژی تووندوتیژی و هەڵاواردن-ی یەکماڵ دەستنیشانی کرد: "ئێمە دەمانەوێت لە ڕێی خاڵی پێوەندییەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ دانیشتوانی نۆیکۆلن کار لەسەر بابەتی هەڵاواردن بکەین. هەروەها دەمانەوێت تۆڕێکی پسپۆڕ بۆ کارمەندە هەمەکارەکان و ڕێکخراوە جڤاکییەکان بونیاد بنێین بۆ ئەوەی ستراتیژی هاوبەش لە دژی هەڵاواردن داڕێژن."

نێوەندی فرەڕەنگیی ئینتەرسێکشناڵ - ڕێکخراوی یەکماڵ

١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤


ئەم لاپەڕەیە بڵاو بکەوە

هەواڵنامەکەمان ئابوونە بکەن



سوودەکانت
دوا ناکەویت لە وەرگرتنی زانیاری
هەمیشە دەتوانی لێی بچیتە دەرەوە
زانیارییە کەسییەکانت پارێزراون


چاوتان لەسەرمان بێت لە

بابەتی پێوەندیدار