caret-down caret-up caret-left caret-right

30 Jahre Yekmal

Wir suchen Verstärkung

LERNEN IST LICHT

ڕۆژی زمانی دایک پیرۆز بێت!

وەک یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا، بەبۆنەی ٢١ی شوبات – ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک پیرۆزبایی لە هەموو زمانەکان دەکەین.

ئەم ڕۆژە لە لایەن یونسکۆ دەستنیشان کراوە بەمەبەستی پیرۆبایی و پشتگیریکردن لە زمانی دایک. ئەم ڕۆژە لەنێو ڕۆژژمێری کار و چالاکییەکانی ئێمەدا جێگەیەکی تایبەتی هەیە. هەر بۆیە لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٩٣ تا ئێستا، یەکماڵ چالاکانە کار دەکات تا منداڵان و خێزانەکان دەرفەتی پەروەردەی زیاتر و باشتریان هەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش، فرەزمانی و گەورەکردنی منداڵ لەسەر بنەمای فرەزمانی ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە و یەکماڵیش بە تایبەتی پێ لەسەر ئەم خاڵەدا دەگرێت.

پیرۆزڕاگرتنی ڕۆژی زمانی دایک بۆ ئێمە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لەبەرئەوەشە لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە ئێمە ساڵانە سەمپۆزیوومێکی بەرفرەوان بە بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی زمان و پەروەردە، ساز دەکەین. زۆر شادمانین کە سەمپۆزیوومی ئەمساڵمان هاوکاتە لەگەڵ ٣٠ ساڵەی وانەی کوردی لە ئەڵمانیا و ١٠ ساڵەی یەکەم زارۆخانەی جووتەزمانیمان بە ناوی “کیتا پییا” لە بەرلین. بەبۆنەی ئەم پێشکەوتن و دەستکەوتانە، ئێمە وەک یەکماڵ لەگەڵ یەکێتیی مامۆستایانی کورد لە ئەورووپا (YMK) و سەندیکای GEW لقی بەرلین، چواردەهەمین سەمپۆزیووممان تایبەت کردووە بەم دوو بابەتە.

٣٠ ساڵەی وانەی کوردی نەک تەنیا لە ڕووی فێرکاریی کوردی لە فێرگەکان و بەهێزکردنی کوردی لەنێو خێزانەکاندا، هەروەها بۆ داننان بە زمان و ناسنامەی کوردی لە ئەڵمانیا قۆناغێکی زۆر گرنگە. سەرەڕای هەموو کەموکوڕی و بەربەستەکان، وانەی کوردی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە ئەڵمانیا پەرە دەسێنێت و شارەکانی دیکەش دەگرێتەوە. ئێستا لە ٦ هەرێمی ئەڵمانیا زیاتر لە ٣٠٠٠ منداڵی کورد بەشداری لە وانەی کوردی دەکەن. 

١٠ ساڵەی کیتا پییا، بەردەوامیی زمانی کوردی لەنێو نەوەی نوێ بەدی دێنێت و هیوا بە جڤاکی کورد دەبەخشێت کە سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، پەروەردەکردنی منداڵ بە شێوەی فرەزمانی لەسەر بنەمای زمانی دایک بە کردار بەدی دێت. بەسەرهاتە ئەرێنییەکانمان لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، تامەزرۆیی و باوەڕبوونمان بە گۆڕانکارییەکان لەنێو نەوەی نوێ، هێزمان پێ دەدەن کە ژمارەی زارۆخانەکانمان زیاتر بکەین بۆ ئەوەی خۆمان بگەیەنینە ژمارەیەکی زۆرتری منداڵانی کورد لە ئەڵمانیا. هەر بۆیە هەوڵ دەدەین هاوشێوەی زارۆخانەکانمان لە بەرلین، لە شارەکانی دیکەش بە تایبەت لە برێمەن زارۆخانە بکەینەوە. 

هەواڵێکی دیکەی تایبەتیش کە پەیوەستە بە کار و خەباتەکانی ئێمە بۆ زمان ئەوەیە، ئەکادیمیای یەکماڵ بە فۆڕمێکی نوێی فەرمی و بە ناوەڕۆکێکی بەهێزتر دەچێتە نێو جڤاکەوە. لە دوای زۆر کار و بەرهەم بۆ پێشخستنی زمانی کوردی لە بەرلین و ئەڵمانیا، ئەکادیمیا لەمەودوا لە ڕووی سازمانییەوە بەهێزتر دەبێت. مرۆڤ دەتوانێت باسی ئەم خەباتانە بکات کە ئەکادیمیا دەیکات: ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی، سازکردنی پەروەردەیی و چالاکیی جۆراوجۆر دەربارەی زۆر لایەنی زمان و پەروەردە، ئامادەکردن و چاپکردنی کتێب بۆ منداڵانی زارۆخانە، بەڕێوەبردنی ئەزموونەکانی کوردی لە ئاستی C1دا بۆ ئەو کەسانەی دەبنە مامۆستای کوردی یان وەرگێڕ، بەڕێوەبردنی خەباتەکان بۆ پشتگیری لە وانەی کوردی لە فێرگەکانی بەرلیندا و هەروەها هاوکاری و پشتیوانی لەگەڵ لێکۆڵینەر و سازمانە زانستییەکان دەربارەی زمان، کولتوور و پەروەردە.

ئێمە خۆشحاڵین بەم سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونانە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، زۆر دۆخ و شوێن هەن کە زمانی کوردی تیایاندا پشتگوێ خراوە، هەم لە دامەزراوە و دامودەزگەکانی دەوڵەتدا هەم لە ژیانی ڕۆژانەدا لە ئەڵمانیا. هەر بۆیە، هەوڵ و کارەکانمان چالاکانەتر بەردەوام دەبن لە بەرانبەر هەموو بەربەست و زەحمەتییەکاندا.

لەم چوارچێوەیەدا، جارێکی دیکە دەمانەوێت سوپاسی هەموو کارمەندانی یەکماڵ، ئەو کەسانەی پشتگیریی زمانەکان دەکەن لە سێنات و وەزارەتەکاندا، پسپۆڕان و ئەو چالاکانەی هاوکاریمان دەکەن لە خەباتە زمانییەکاندا، ئەو ڕێکخراوانەی ڕەنجێکی گەورە دەدەن بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی فرەزمانی و ئەو خێزانانەی زمانی دایکی خۆیان دەپارێزن، دەکەین.

ڕۆژی زمانی دایک پیرۆز بێت!

یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا – یەکماڵ

Meldebogen für Vorfälle

NEUBIHAR

FORSCHUNG