caret-down caret-up caret-left caret-right

30 Jahre Yekmal

Wir suchen Verstärkung

LERNEN IST LICHT

کارمەندانی یەکماڵ لە بەرلین شەوی یەڵدا و کریسمسیان پیرۆز کرد

ئێوارەی ٢١ی دیسەمبەر کارمەندان و هاوکارانی یەکماڵ لە بەرلین ئاهەنگی شەوی یەڵدایان ساز کرد. لە بەرنامەیەکی تێروپڕدا کە فرەڕەنگیی جڤاکی کوردستان تیایدا ڕەنگی دابوویەوە، هاوکارانمان پێکەوە درێژترین شەوی ساڵ، کریسمس و ٣٠ ساڵەی یەکماڵیان پیرۆز کرد. پێکەوە گفتوگۆکردن، خواردن، خواردنەوە، خوێندنەوەی شیعر، گۆرانی، موزیک و هەڵپەڕکێی کوردی بوونە بیرەوەریی خۆش لە دوایین ساتەکانی ساڵدا.

لە هۆڵەکەدا کە مۆمەکان ڕووناکیان کردبوویەوە، کارمەندانمان مێزێکی جوانیان بە ڕەنگی کوردەواری و نەریتی کوردان ڕازاندبوویەوە. لەسەر مێزەکە جگە لە چەرەسات و شیرینی، میوەی وەک هەنار، ترێ، شووتی، لالەنگی، سێو و مۆز هەبوون. هەروەها دیوانی شاعیرە ناودارەکانی کوردستان نالی، ئەحمەدی خانی و هێمن موکریانی شکۆدار لەسەر مێزەکە دانرابوون. ئەمەش بەشێکە لە نەریتی شەوی یەڵدا.

سەرەتا بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەکەمان گونای داریجی و جێگری بەڕێوەبەر کۆرنێلیا ڕازولیس گوتەی بەخێرهاتنیان پێشکەش کرد و هیوای کاتێکی خۆشیان بۆ کارمەندان و هاوکارانی یەکماڵ  خواست لە پشووی کریسمس و سەری ساڵدا.

بەڕێوەبەری میدیای یەکماڵ شاسوار مامە لەسەر فەلسەفەی شەوی یەڵدا و کولتووری شەوی یەڵدا لە کوردستان زانیاری دا. هەروەها هاوکارمان لەرزان ژاندیل باسی جەژنی گاخانی کرد کە ساڵانە لەم کاتانەدا لە لایەن کوردانی عەلەوی پیرۆز دەکرێت. وەفا بووداغی بە پێرفۆڕمانسی دەف، ئاژۆ ئەمین و دیرەن تاش بە گۆرانی و موزیک، چریکە هەورامی و ئۆزگور ئشک بە گۆرانییەکانی خۆیان ئامادەبوانیان دڵخۆش کرد.

وێژەی کوردیش جێگەیەکی گرنگی هەبوو لەم کۆڕەدا. جەلال ئەمین و ئالان دڵپاک بە خوێندنەوەی شیعری کورمانجی، ئازاد بەهین (هێمن) بە خوێندنەوەی شیعری سۆرانی و کاوە فاتحی بە خوێندنەوەی شیعری کەلهوڕی ئاتمۆسفەرێکی تایبەتیان ئافراند.

دواتر گرووپی باوکان لە یەکماڵ چەند جۆرێکی دیلانی هەرێمی عەفرینیان پێشکەش کرد. ئەمەش هەڵپەڕکێی هاوکارانی بەدوای خۆیدا هێنا تا درەنگانی شەو.

هیوای کاتێکی خۆش بۆ ئێوەش دەخوازین لە پشووی کریسمس و سەری ساڵ!

Meldebogen für Vorfälle

NEUBIHAR

FORSCHUNG