caret-down caret-up caret-left caret-right

30 Jahre Yekmal

Wir suchen Verstärkung

LERNEN IST LICHT

یادی قوربانییانی هێرشە نەژادپەرستییەکەی هاناو دەکەینەوە

کۆستێکی گەورەیە، خەمێکی قووڵە.

بەر لە چوار ساڵ، لە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٠دا ٩ کەس لە هاناو بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران.

گۆکهان گولتەکین، ٣٧ ساڵان

سەدات گوربوز، ٣٠ ساڵان

سە‌ید نەسار هاشمی، ٢١ ساڵان

مێرسێدێس کیەرپاج، ٣٥ ساڵان

هەمزە کورتۆڤیج، ٢٢ ساڵان

ڤیلی ڤیۆرێل پۆن، ٢٣ ساڵان

فاتیح ساراچئۆغلوو، ٣٤ ساڵان

فەرهاد ئونڤار، ٢٢ ساڵان

کالۆیان ڤێلکۆڤ، ٣٣ ساڵان

کۆمەڵکوژیی هاناو ڕووداوێکی ناوازە و تاکەکەسی نییە. بەڵکوو دەرخەری بەردەوامیی مەترسیداری تووندڕەویی نەژادپەرستی و ڕاستڕەوییە لە ئەڵمانیا.

لە ساڵی ١٩٩٠ بەدواوە، لایەنی کەم ٢١٩ کەس لە ئەنجامی تووندتیژیی ڕاستڕەو بوونەتە قوربانی و ١٦ ڕووداوی دیکەش گومانیان لەسەرە. حکوومەتی ئەڵمانیا تەنیا لە ١١٣ ڕووداوی کوشتندا، تووندوتیژیی ڕاستڕەوی بە پاڵنەر ناوبردووە.

دووبارە بۆ نۆ قوربانییەکەی هاناو بەڵێنی ڕوونکردنەوەی بێ مەرج درا. زۆر سیاسەتمەدار قسەیان کرد و مەڕاسیمی یادکردنەوەیان ساز کرد.

بە ساڵانە سیاسەت، پۆلیس، دەزگەی دادوەری و میدیا، پەنابەران و کۆچبەران وەک تاوانبار و مەترسیدار بۆ جڤاک نیشان دەدەن. ئەمە پراکتیکێکی باوە بۆ بەلاڕێدابردن و تاوانبارکردنی قوربانییانی نەژادپەرستی و تیرۆری راستڕەو، بە تایبەت مرۆڤە ڕەشپێستەکان، پەنابەران و کۆچبەران. ئەم بەلاڕێدابردنە لە دۆسیەی قوربانییانی تاوانەکانی NSU لە ساڵانی ٢٠٠٠ – ٢٠٠٦ بینرا. “دۆنەر مۆردە” وشەیەکە کە گوزارشت لەوە دەکات.

لەو ڕۆژە بەدواوە ئەندامانی خێزانەکان چاوەڕوانیی ڕوونکردنەوەیەکی بێ شەرتومەرجی دەوڵەت، سیاسەت، پۆلیس و دەزگەی دادوەرین. بەڵام تا ئەمڕۆ ئەوان بەتەنها جێهێڵدراون. ئەوەی دەمێنێتەوە هەستێکی خراپ، ناڕوونی، نادڵنیایی و بێمتمانەییە. هەتا ئێستا گۆڕانکاریی زۆر کەم بەدی دەکرێت. 

پارتێکی وەک ئا ئێف دێ لە پەڕلەمان دانیشتووە و سیاسەتی ئەم وەڵاتە ئاراستە دەکات. ئەمە سکانداڵێکە. ڕابردووی ئا ئێف دێ، بەرنامەی شاراوەی پارتەکە بە ناوی “Re-Migration / دەرکردنی کۆچبەران”، کۆبوونەوە نهێنییەکانی لەگەڵ نوێ-نازییەکان لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ پشتڕاست کراونەتەوە.

دووبارە ڕزگاربووان، خێزانەکان و قوربانییان بۆ ڕوونکردنەوە، دادپەروەری و داننان بە ئازارەکانیان تێدەکۆشن. کێشەیەکی دیکەش ئەوەیە، قوربانییانی کورد وەک کورد دانیان پێدا نانرێت. ئەوان بە تورک ناو دەبرێن. لێرەشدا خێزانە کوردەکان وەک خێزانی ئونڤار لە هەمان کاتدا دوولایەنە یان فرەلایەنانە بۆ دانپێدانان تێدەکۆشن.

 ئێمە ئیدی بێدەنگ نابین

دەنگی خۆمان هەڵدەبڕین و داوای یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەموان دەکەین. هەڵدەستین و لەپێناو دیموکراتیی زیاتر تێدەکۆشین.

ئەمڕۆ بانگهێشتتان دەکەین کە پێکەوە یادی هەموو قوربانییانی تیرۆری نەژادپەرستی بکەینەوە. ئەمڕۆ پێکەوە باری ئازار و خەمەکانمان هەڵدەگرین. 

ئەمڕۆ یادی ئێوە دەکەینەوە، ئەو کەسانەی بەر لە ئێمە ڕۆیشتن.

ئێمە ئەو کەسانە وەک بنەما، وەک هاندەر بۆ گۆڕانکاری دەبینین بۆ ئەوەی دادپەروەری و مرۆڤایەتی بۆ هەموان بەدی بێنین. 

یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا – یەکماڵ

١٩ی شوباتی ٢٠٢٤

Meldebogen für Vorfälle

NEUBIHAR

FORSCHUNG