caret-down caret-up caret-left caret-right

30 Jahre Yekmal

Wir suchen Verstärkung

LERNEN IST LICHT

ڕاگەیەندراوی یەکماڵ بەبۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەیی یادکردنەوەی قوربانییانی هۆلۆکۆست

ساڵی ٢٠٠٥ نەتەوەیەکگرتووەکان لە شەستەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کەمپی ئاوسشڤیتسدا، ٢٧ی کانوونی دووەمی وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی یادکردنەوەی قوربانییانی جینۆسایدی هۆلۆکۆست دیاری کرد. لە نێوان ساڵانی ١٩٤٠-١٩٤٥دا، لایەنی کەم ملیۆن و نیوێک جوو لە ئاوسشڤیتس گیانیان لەدەست دا. لە جینۆسایدی هۆلۆکۆستدا، بە گشتی ٦ ملیۆن جوو لە لایەن نازییەکانەوە کوژران.

لەم ڕۆژەدا، ئێمە وەک یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکانی ئەڵمانیا، نەک تەنها جووەکان کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک کوژران، بەڵکوو یادی هەموو قوربانییانی دیکەی دەستی ڕژێمی نازی وەک ڕەشپێستەکان، سنتی و ڕۆمانی، کەمئەندام و هاوزایەندخوازان دەکەینەوە.

ئەمڕۆ ئێمە لە کاتێکدا یادی قوربانییانی هۆلۆکۆست دەکەینەوە کە مەترسیی بەرزبوونەوەی گوتاری نەژادپەرستی و ڕاستڕەوی تووندڕەو لە ئەڵمانیا لە هەموو کاتێک بەرچاوترە. ئێمە بە نیگەرانییەوە لە گەورەبوونی “ئا ئێف دێ” دەڕوانین. لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣دا، سیاسەتمەدارە پێشەنگەکانی “ئا ئێف دێ” پلانیان بۆ دەرکردنی بەکۆمەڵی ملیۆنان پەنابەر و کۆچبەر لە ئەڵمانیاوە دانا – ئەمە هاوتەریبێکی مەترسیداری مێژووی پارتیی نازییە.

پەنابەران و جڤاکە جیاجیاکان – لە نێویاندا جوو، ڕەشپێست، موسڵمان، ئێزدی، جڤاکی ئێمە کە لە کوردستانەوە هاتووە، “People of Color”، سنتی و ڕۆمانی، کەمئەندامان و هاوزایەندخوازان، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبنە ئامانجی پلانی ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان. ئەم پێشهاتە پێویستە هانی جڤاکی سڤیل بدات کە وانە لە مێژوو وەربگرێت و پێکەوە لە دژی ئەو تووندڕەوییە بوەستنەوە کە دێتە ئاراوە. 

ئێمە وەک سازمانێکی جڤاکی، پابەندین بە ئەڵمانیایەکی دیموکراتیی یەکسان و گشتگیر. جەخت لەسەر گرنگی فرەڕەنگی، لێبووردەیی و ڕێزگرتن دەکەینەوە. بە هۆی نیگەرانییەکان دەربارەی تووندڕەویی ڕاستڕەو و پێشهاتە سیاسییەکان، بە تایبەت لە بابەتی “ئا ئێف دێ”-دا، ئێمە داوای گفتوگۆ و پابەندبوونی هاوبەش بە بەها دیموکراتییەکان دەکەین. یەکگرتن و هاوکاری لە دڵی هەوڵەکانماندایە بۆ پێشخستنی جڤاکێکی گشتگیر و هارمۆنی.

لە دژی نەژادپەرستی کە ئەنجامەکانی بە سەر سیاسەت و جڤاکەوە دیارن، ئێمە داوای هەڵوێستێکی دیموکراتیی ڕوون دەکەین:

  • دەبێ هەموو پارتە دیموکراتییەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا هەڵوێستی نەژادپەرستی شەرمەزار بکەن و خۆیانی لێ دوور بگرن.
  • دەست لەو بابەتانە بەردەن کە “ئا ئێف دێ” بەرەو ناوەندی ڕۆژەڤ ڕادەکێشن، بە تایبەت بەکێشەدانانی پرسی کۆچبەری و فرەڕەنگی.
  • قەدەغەکردنی “ئا ئێف دێ”

هەنگاونان لە دژی هێزە دژەدیموکراتی و نەژادپەرستەکان تەنیا ئەرکی پارتەکان نییە، بەڵکوو ئەم پرسە کاریگەری لە تەواوی جڤاک، سەندیکا، ڕێکخراوەکان، دێرەکان و هەر کەس دەکات. دەبێ ڕوون بێت لای هەموان کە پەسەندکردنی هەڵوێستی “ئا ئێف دێ” و تووندڕەوە ڕاستڕەوەکانی دیکە دەبێتە هۆی ناڕازیبوونی جڤاکی و دابەشبوونی جڤاکەکەمان. ئێمە داوای دیالۆگی کراوە دەکەین و ئامادەین لەگەڵ ڕێخکراوە مەدەنییەکانی دیکە کار بکەین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەهاوبەشەکان لەپێناو جڤاکێکی فرەڕەنگ و ڕێزدار.

 

یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا – یەکماڵ

٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤

 

© picture-alliance/dpa

Meldebogen für Vorfälle

NEUBIHAR

FORSCHUNG