به‌ڕێزان هاوكار، پشتیوان و دۆستانی یه‌كماڵ،
ساڵی ٢٠١٩ ماڵئاوایی ده‌كات.
ئه‌مساڵیش وه‌كوو ساڵانی ڕابردوو، به ساتی تایبه‌تدا تێپه‌ڕی و ساڵێكی پڕ له خه‌بات بوو. ئێمه به‌خۆشحاڵییه‌وه ساڵه‌كه له دوای خۆمان جێده‌هێڵین و ده‌مانه‌وێت به‌كورتی باسی چه‌ند خه‌باتێكی ئه‌مساڵمان بكه‌ین.
ڕۆژی ١٢ی ئه‌یلوول به ئاهه‌نگێكی موزیک و خواردن بنكه‌ی تازه‌ی به‌شی كۆمه‌كی گه‌ڕۆک بۆ خوێندن-مان له ناوچه‌ی نۆیكۆڵن كرده‌وه. له ئاهه‌نگه‌كه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر له هاوڕێ، میوان و دراوسێ ئاماده بوون.
هه‌روه‌ها یه‌كێک له هه‌نگاوه گرینگه‌كان كه ئه‌مساڵ بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كورد نرا، كردنه‌وه‌ی خوێندن به زمانی كوردی بوو له فێرگه‌كانی به‌رلین. ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مجار خوێندنی وانه كوردییه‌كان له ٣ فێرگه ده‌ستی پێكرد. ناوی فێرگه‌كانیش ئه‌مانه‌ن:
فێرگه‌ی بنه‌ڕه‌تیی ئاننا لیندهـ له ڤێدینگ
فێرگه‌ی بنه‌ڕه‌تیی لێمگۆ له كرۆیتسبێرگ
فێرگه‌ی بنه‌ڕه‌تیی ئۆتتۆ-ڤێلس له كرۆیتسبێرگ
ئێمه وه‌ک یه‌كماڵ كه لایه‌نی سه‌ره‌كیی پلاتفۆڕمی كۆمخه‌باتی كوردی-ن له به‌رلین كه له‌لایه‌ن ١١ كۆمه‌ڵه‌ی كورد له‌پێناو به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وانه كوردییه‌كان له فێرگه‌كانی به‌رلیندا دامه‌زرێنراوه، زۆر شادمان و سه‌ربه‌رزین به‌م ده‌ستكه‌وته و ده‌مانه‌وێت له به‌رانبه‌ر ڕه‌نج و ماندووبوونیان سوپاسی هه‌موو سازی و كۆمه‌ڵه و ئه‌و كه‌سانه بكه‌ین كه پشتگیری‌یان له‌م هه‌نگاوه كردووه. به‌بێ دڵسۆزیی ئه‌وان خوێندنی كوردی له به‌رلین ده‌ستی پێنه‌ده‌كرد. هه‌روه‌ها سوپاسی به‌رپرس و به‌ڕێوه‌به‌رانی حیزبه پێكهێنه‌ره‌كانی حكوومه‌تی به‌رلین ده‌كه‌ین كه به‌بێ پشتگیریی ئه‌وان ئه‌م ده‌ستكه‌وته به‌دی نه‌ده‌هات.
خه‌باتێكی دیكه‌ی گرنگمان ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ک بوو به‌ناوی «ژیان و زمانی كوردی له به‌رلین» به هاوكاری پڕۆفیسۆر كاته‌رینا بریتسس تۆژه‌ری فره‌زمانی له زانكۆی فرایبورگ. له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا بیر و بۆچوونی كوردانی به‌رلینمان وه‌رگرت ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كانی زمان، فێركاری، جیاكاری، ئابووری و خزمه‌تگوزارییه ده‌وڵه‌تییه‌كان. ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه به‌هاری ساڵی ٢٠٢٠ له دووتوێی كتێبێكدا چاپ و بڵاوده‌كرێته‌وه.
به‌هۆی پێشوازیی خه‌ڵک و ئه‌و پێویستییانه‌ی له ساڵانی ڕابردوودا له ڕووی باشتر ناسین و ناساندنی كۆمه‌ڵگه‌ی كورد هاتنه ئاراوه، به پێویستمان زانی له‌ژێر چه‌تری یه‌كماڵ ده‌ست به به‌رنامه‌یه‌كی نوێ بكه‌ین به‌ناوی ئه‌كادیمیای یه‌كماڵ. مه‌به‌ستمان له‌م ئه‌كادیمیایه ئه‌وه‌یه ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كانی زمان، فێركاری و كۆمه‌ڵایه‌تی به تایبه‌ت له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كورددا خه‌بات و لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجام بده‌ین و ببێته هاریكاری ئه‌كادیمیسیه‌ن و داموده‌زگه ئه‌كادیمییه‌كان.
خه‌باتگه‌لی دیكه‌مان كه ئێمه شانازییان پێیه‌وه ده‌كه‌ین ئه‌و خه‌باتانه‌ن كه له‌گه‌ڵ زانكۆكانی هومبۆلدت، فرای و پۆتسدام ده‌ستمان پێكردوون. بۆ نموونه، له‌پێناو سازكردنی سه‌مپۆزیوومی ساڵانه به‌بۆنه‌ی ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكی، ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ زانكۆی هومبۆلدت و زانكۆی فرای پێكه‌وه هه‌ماهه‌نگیمان كردووه. بڕیاره له ٢١ و ٢٢ی شوباتدا له‌ژێر ناوی «ڕۆڵی زمان له ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیدا» سه‌مپۆزیوومه‌كه‌مان به‌ڕێوه‌بچێت. له ماوه‌یه‌كی نزیكدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بانگهێشتنامه ده‌نێرین.
ئێمه به دڵ و گیانه‌وه سوپاستان ده‌كه‌ین بۆ پشتیوانی و هاوكارییه‌كانتان. هیوادارین ٢٠٢٠ ساڵێكی ئارام و شاد بێت بۆ ئێوه و پشووی سه‌ری ساڵیش به‌خۆشی به‌سه‌ر ببه‌ن.
له‌گه‌ڵ سڵاوی گه‌رم
ته‌واوی تیمی یه‌كێتیی خێزانه كوردستانییه‌كانی به‌رلین (یه‌كماڵ)