فێربوونی زمانی وه‌ڵاتێك كه مرۆڤ ڕووی تێ ده‌كات فاكته‌رێكی سه‌ره‌كییه كه ئاستی تێكه‌ڵبوون و كه‌وتنه ناو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و ئابووریی وه‌ڵاته‌كه دیاری ده‌كات. له تۆژینه‌وه و گفتوگۆكان ده‌رباره‌ی فێربوونی زمان له كۆچبه‌ریدا، زایه‌ند بابه‌تێكی گرنگه. ئه‌نجامی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه نیشانی ده‌دات كاتێك ژنان زمانی وه‌ڵاتێكی دیكه فێر ده‌بن، په‌یوه‌ستی و پێویستیی ئه‌وان به ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌ی به تایبه‌ت پیاوان، كه‌متر ده‌بێته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، فێربوونی زمان نه‌ك هه‌ر له بواری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا هاریكاریی ژنان ده‌كات، به‌ڵكوو ده‌ستیان به‌هێزتر ده‌كات له بواری ساخڵه‌میی ده‌روونی و به‌رخۆدان له به‌رانبه‌ر تووندوتیژی خێزانی. له لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌گوترێت كاتێك ژنان به‌هۆی كۆچبه‌ری و ڕۆڵی زایه‌ندپه‌رستی ده‌رفه‌تی فێربوونی زمانیان نه‌بێت، پێگه‌یان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا دوو قات زیاتر نه‌رێنی ده‌بێت. له‌به‌رئه‌وه گرنگه ئه‌و فاكته‌رانه‌ی فێربوونی زمان لای ژنان ئاسان یان سه‌خت ده‌كه‌ن ئاشكرا بكرێن. له‌وانه‌یه هه‌ندێك له‌و فاكته‌رانه ئه‌وه بن: دابه‌شكردنی كاروباری ناو ماڵ، به‌رپرسیاره‌تییه‌كانی ژن و پیاو، تێگه‌یشتن و هه‌ڵسوكه‌وتی زایه‌ندپه‌رستانه له‌و وه‌ڵاته‌ی لێوه‌ی هاتوون كاریگه‌ری له‌سه‌ر داناون.
له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌م پاشخانه، ئێمه به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكی (٢١ی شوباتی ٢٠٢٢) سه‌مپۆزیومێكی به‌رفره‌وان ساز ده‌كه‌ین. گفتوگۆ ده‌كه‌ین ده‌رباره‌ی ئه‌و فاكته‌رانه‌ی ئه‌زموون و تێگه‌یشتنی ژنان بۆ فێربوونی زمان له ئه‌ڵمانیا ئاسان یان سه‌خت ده‌كه‌ن. ئه‌م سه‌مپۆزیومه له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی تۆژینه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی فێربوونی زمان لای ژنانی كۆچبه‌ر له ئه‌ڵمانیادایه كه له‌لایه‌ن تۆژه‌ری وه‌قفی ئاینشتاین د. هاندان چاگلایان ساز ده‌كرێت.
سه‌مپۆزیومه‌كه‌مان سێ ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌یه. یه‌كه‌م: ئه‌نجامه‌كانی پڕۆژه‌ی تۆژینه‌وه‌كه باس بكرێن. دووهه‌م: ده‌مانه‌وێت تۆژه‌ران، نوێنه‌رانی ڕێكخراوه جڤاكییه‌كان، سیاسه‌تمه‌دار، مامۆستا، خێزان و كه‌سانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار كۆببنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كار، بۆچوون و به‌سه‌رهاته‌كانیان ده‌رباره‌ی ئه‌و فاكته‌رانه‌ی فێربوونی زمان لای ژنان ئاسان یان زه‌حمه‌ت ده‌كه‌ن، گفتوگۆ بكه‌ن. سێیه‌م: سه‌مپۆزیوم ده‌یه‌وێت پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی پێ‌خستنی ڕێبازی فێربوونی زمان و چالاكیی فێركاری بكات. هه‌روه‌ها سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌ی دژ به ژنانی كۆچبه‌ر له ئه‌ڵمانیا ئاشكرا بكات. له كۆتاییدا سه‌مپۆزیوم هه‌وڵ ده‌دات وه‌ڵامی پرسیاری «چۆن ڕوانگه‌یه‌كی به‌رفره‌وانی له ڕووی زایه‌ندییه‌وه هه‌ستیار، ده‌توانێت یارمه‌تیی ژنانی كۆچبه‌ر بدات له كاتی فێربوونی زماندا؟» وه‌ربگرێته‌وه.
ڕێكه‌وتی: ٢١ی شوباتی ٢٠٢٢
كاتژمێر: ٩:٣٠ – ١٦:٣٠ (به كاتی ئه‌ڵمانیا)
شوێن: سه‌رهێڵ (ئۆنلاین)
تكایه تا ١٥ی شوبات ناوی خۆتان له‌سه‌ر ئه‌م فۆڕمه تۆمار بكه‌ن:
https://forms.gle/GrnJXApquUHP6UUt7
بۆ په‌یوه‌ندی و زانیاریی زیاتر: akademie@yekmal.de
ئێمه چاوه‌ڕوانیی به‌شداریی ئێوه‌ین!
https://yekmal.com/wp-content/uploads/2022/01/Sempoyzu%CC%82m2022-KU.pdf