ڕۆژانی ٢٥-٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بە بەشداری ٢٥ کەس و ١٧ منداڵی ئەوان خولی ڕاهێزان لە دژی نەژادپەرستی لە چوار هەرێمی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. خولەکە لەژێر ناوی «ڕاهێزانی منداڵان و دایک و باوکان لە دژی نەژادپەرستی» سازکرابوو.
سەرپەرشتیارانی خولەکە لەو کەسانە بوون کە لە بواری کاروباری کۆمەڵایەتیدا کار دەکەن و پەیوەندییان بە پێشخستنی کۆمەڵگەوە هەیە. هەروەها مامۆستایانی فێرگەکان، مامۆستایانی منداڵان، پێداگۆک، مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران بەشدار بوون. زۆر دڵخۆش بووین کە جگە لە کەسانی بەتەمەن، ژمارەیەکی بەرچاوی گەنجانیش بەشداری خولەکە بوون و باسی بەسەرهات، ڕوانگە، هیوا و خواستەکانی خۆیان کرد.
من چۆن لە دژی نەژادپەرستی هەڵسوکەوت بکەم؟
هەڵاواردن کەی دەستپێدەکات؟
لایەنە بەهێزەکانی من چین؟
کەموکوڕییەکانم چین؟
هێزی من لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
بۆ من چی گۆڕانکاری بەسەردا هات؟
چ کاتێک پێشداوەرییە، چ کاتێک هەڵاواردنە، چ کاتێک نەژادپەرستییە؟
قسەکەرانی ئێمە دەربارەی ئەم بابەتانە ڕوونکردنەوەیان دا و ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە چۆن دەکرێت تابۆکان بشکێندرێن، هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی بابەتەکان بکرێت. تایبەتمەندییەکی خولەکەمان ئەوە بوو کە مرۆڤ دەیتوانی پێکەوە پێبکەنێت و لەلایەکی دیکەشەوە بگری. ئەمەش سەلماندی کە ئەم جۆرە پەروەردەیە چەندە بەسوود و کاریگەرە. سەلماندی کە چەندە پێویستیمان بە ناسینی یەکتر و گفتوگۆ هەیە.
خولە سێ ڕۆژییەکە لەلایەن پێشکەشکارانی ئێمە ڤیان نەسراتالۆ و مەری ئەرگون پێشکەش دەکرا. لە میانەی خولەکەدا لە شانۆ بگرە تا وەرزش، بابەتی جۆراوجۆر و چالاکی هەرەوەزی پێشکەش کران. منداڵان لە ڕێی شانۆ و یاری گوزارشتیان لە ژیان و خواستەکانی خۆیان دەکرد. ئەوان دەیانتوانی لەم ڕێگەیەوە هەم ڕای خۆیان دەربڕن هەم هەست و ترسەکانی خۆیان بەڕوونی پیشان بدەن. داواکاری و خواستی ئەوان لەلایەن بەتەمەنەکانەوە بەگەرمی وەرگیران. خولەکەمان لە هەردوو لایەنەوە سەرکەوتوو بوو؛ هەم لە لای منداڵەکانەوە هەمیش لەلای دایک و باوکانیانەوە.
ئێمە سپاسی هەموو قسەکەران، بەشداران و منداڵەکانمان دەکەین کە بەچالاکی بەشدارییان لە خولەکەدا کرد. بە هیوای بەشداریکردن و بینینی پڕۆژەکانی داهاتوو.
لقەکانی یەکماڵ لە بیلەفێلد، برێمن، ئێسن، هێرفۆرد و ماینتس