caret-down caret-up caret-left caret-right

30 Jahre Yekmal

Wir suchen Verstärkung

LERNEN IST LICHT

نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان

ساڵی ٢٠١٤ ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) جڤاکی ئێزدی لە کوردستان جینۆساید کرد. ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەکدارانی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە هێرشیان کردە سەر شاری شەنگال و گوندەکانی و داگیریان کردن. لەم جینۆسایدەدا نزیکەی ٥٠٠٠ ئێزدی کورژران. چارەنووسی زیاتر لە ٢.٧٠٠ ئێزدیش تا ئێستا دیار نییە. ئەو ئێزدییانەی کە توانیان ڕابکەن، ڕوویان لە چیای شەنگال کرد. بەڵام بەشێکیان بەهۆی برسێتی و تینوێتی ژیانیان لەدەست دا. لەم جینۆسایدەدا هەزاران ئێزدی ڕووبەڕووی کۆیلەکردن و دەستدرێژیی سێکسی، دەروونی و فیزیکی بوونەوە. کچان و ژنانی ئێزدی لە بازاڕەکانی عێراق و سووریا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرا یان بە زۆرەملێ لەگەڵ ئەندامانی داعش هاوسەرگیرییان پێکرا.

لە جینۆسایدی ٢٠١٤دا نزیکەی ٥٠٠،٠٠٠ ئێزدی ناچار بوون واری خۆیان جێبهێڵن و زۆر خێزان لە یەکتر دابڕان. بەهۆی نەبوونی ئارامی و ئاسایش، هەتا ئێستا ئێزدییەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە واری خۆیان و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین. برینەکانیان هێشتا ساڕێژ نەکراون، ڕزگاربوانی دەستی داعش لە تراموادا دەژین. بە تایبەتی دۆخی ژن، کچ و منداڵانی ئێزدی زۆر دژوارە، ئەمەش لە زۆر لێکۆڵینەوەدا ئاماژەی پێکراوە.

ڕۆژی ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ پەڕلەمانی ئەڵمانیا هەنگاوێکی گرنگی نا و بە شێوەیەکی قانوونی دانی بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا نا. بەم بڕیارە ‌حکوومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارەتی کەوتە ئەستۆ کە بۆ دادگەییکردن و سزادانی تاوانبارانی جینۆسایدەکە کار بکات. هەروەها هەوڵی ساڕێژکردنی برینی جڤاکی ئێزدی بدات. ئێستا زۆرترین دیاسپۆرای ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا دەژی – بەنزیکەیی ٢٠٠،٠٠٠ کەس کە بەشێکیان ڕزگاربوانی دەستی داعشن. بەداخەوە، هەتا ئێستا دۆسیەی پەنابەریی بەشێک لە ئێزدییەکان یەکلایی نەکراوەتەوە. لەبەرئەوەش زۆر خێزان نەیانتوانیوە لە دوای جینۆساید یەک بگرنەوە، پێکەوە برینەکانیان ساڕێژ بکەن و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن.

ئێمە وەک یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا (یەکماڵ) بەخەمگینی و ڕێزدارییەوە یادی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکەینەوە. لێرە لەگەڵ خێزانە ئێزدییەکان کار دەکەین و لە بواری جڤاکی، پەروەردەیی و کولتووریدا پشتگیرییان دەکەین.

ئێمە داوا لە ‌حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین کە لەگەڵ جڤاکی ئێزدی بێت. پێویستە بە تایبەتی سەرنج بخرێتە سەر ئەو ژن و منداڵانەی هێشتا چارەنووسیان نادیارە. پێویستە ‌حکوومەتی فیدڕاڵ دەرفەتسازیی ژیانێکی سەقامگیر و ئارام بۆ جڤاکی ئێزدی بکات و لە دژی هەموو جۆرەکانی دژەئێزدایەتی ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر.

ئێمە بە هەموو بەش و لقەکانمانەوە لەپێناو پشتگیری لە جڤاکی ئێزدی، خێزان و منداڵانی ئێزدی لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی چالاکتر درێژە بە کار و چالاکییەکانمان دەدەین. بەم شێوەیە دەمانەوێت لە باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی جڤاکی ئێزدی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕین و بەشداریی جڤاکیی ئەوان مسۆگەر بێت.

هەرگیز جینۆسایدی ئێزدییەکان لەبیر ناکەین!
 

یەکماڵ

Meldebogen für Vorfälle

NEUBIHAR

FORSCHUNG