ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌رلین ده‌رباره‌ی دۆخی زمانه‌كان له فێرگه‌دا هه‌نگاوێكی گرنگی نا. ڕۆژی ١٦ی ئه‌یلوولی ٢٠٢١ قانوونی «پێشخستنی فره‌زمانی» په‌سه‌ند كرد. به‌م گۆڕانكارییه، قانوونی «وانه‌ی ئه‌و خوێندكارانه‌ی له بنه‌چه‌دا ئه‌ڵمان نین» هه‌ڵوه‌شایه‌وه. ئێمه پێمان وایه ئه‌و قانوونه تازه‌یه به‌هۆی پێنج گۆڕانكاریی گرنگه‌وه دۆخی زمانه‌كان له فێرگه‌كاندا به‌ره‌وپێش ده‌بات و هاریكار ده‌بێت بۆ پێشخستنی فره‌زمانی. مرۆڤ ده‌توانێت به‌م شێوه‌یه پێنج گۆڕانكارییه‌كه ده‌ستنیشان بكات:
- ده‌سته‌واژه‌ی «له بنه‌چه‌دا ئه‌ڵمان نییه» لابرا.
- كاتێك خێزانه‌كان سه‌ردانی فێرگه بكه‌ن بۆ تۆماركردنی ناوی منداڵه‌كانیان، به‌ڕێوه‌به‌ری فێرگه‌كان پرسیاری زمانی دایكیی فێرخوازه‌كه ده‌كه‌ن. واته به‌ڕێوه‌به‌ری فێرگه له‌سه‌ر بنه‌مای گوته‌ی خێزانه‌كان زمانی دایكیی منداڵه‌كه تۆمار ده‌كه‌ن نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی فه‌رمیی سه‌ر پاسپۆرته‌كان.
- له‌مه‌ودوا فێركردنی زمانی دایكی له فێرگه‌كاندا ته‌نیا به بڕیار و ده‌رفه‌تی فێرگه‌كان سنووردار نابێت، به‌ڵكوو ئه‌م قانوونه ده‌رفه‌ته‌كان باشتر ده‌كات.
- خوێندكار ده‌توانن له فێرگه‌ی ناوه‌ندیدا زمانی دایكیی خۆیان وه‌كوو زمانی بیانیی دووه‌مین هه‌ڵبژێرن. ئه‌مه به‌و واتایه‌یه فێركردنی زمانی دایكی ته‌نیا به فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی سنووردار نابێت.
- له كۆتاییدا، پێشنیاز كراوه كه هه‌ر منداڵێك بتوانێت له زارۆخانه‌وه تا دواقۆناغی فێرگه ده‌ستی به ده‌رفه‌ته‌كانی فێڕبوون و پێشخستنی فره‌زمانی و زمانی دایكی بگات.
به بۆچوونی ئێمه لایه‌نی كه‌م پێنج لایه‌ن هه‌بوون كه له‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بوو. سه‌ره‌تا پێویسته باسی خه‌باتی دڵسۆزانه‌ی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، كۆمه‌ڵه‌ی خێزانه‌كان و سه‌ندیكاكان بكه‌ین كه چه‌ندین ساڵ سووربوون له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌یان و ده‌ستبه‌رداری نه‌بوون. هه‌روه‌ها هۆشیاری دایك و باوكان كه ده‌یانه‌وێت منداڵه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای زمانی دایكی – به‌ڵام به شێوه‌ی فره‌زمانی گه‌وره بن ڕۆڵی گرنگی هه‌بوو. هۆشیاریی ئه‌وان بوو به هۆكارێكی گه‌وره كه هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به ئاڕاسته‌ی جڤاكێكی ڕه‌نگینتر و به‌رفره‌وانتر هه‌نگاوی خۆیان بنێن. بێگومان كار و خه‌باتی دڵسۆزانه‌ی به‌رپرسانی سێناتی به‌رلین، به تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی له به‌شی به‌شداریكردن، ئه‌نته‌گراسیۆن، كۆچبه‌ری و په‌روه‌رده‌دا كار ده‌كه‌ن، زۆر تایبه‌ت بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕۆڵی گرنگی زۆر كه‌سی چالاك له بواری زمانی په‌روه‌رده‌دا، لێكۆڵه‌ر، ئه‌كادیمیسیه‌ن و په‌روه‌رده‌كاران له‌بیر ناكرێت. هه‌روه‌ها پشتگیریی سیاسه‌تمه‌داران و به‌رپرسانی جێی متمانه له پارته‌جیاجیاكان فاكته‌رێكی تایبه‌ته له‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا كه هیوا، وزه و بوێری ده‌داته هه‌موو ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمان كردن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بن له كار و خه‌باته گرنگه‌كانیان.
ده‌رچوونی ئه‌م قانوونه تازه‌یه، نموونه‌یه‌كی باشی هاوكاریی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه. ئێمه وه‌ك یه‌كماڵ (كۆمه‌ڵه‌ی خێزانه كوردستانییه‌كانی ئه‌ڵمانیا) سه‌ربه‌رزین كه له‌م بواره‌دا ڕۆڵمان هه‌یه بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری و گۆڕانكاری. ئێمه به دڵێكی گه‌رمه‌وه له ئاینده ده‌ڕوانین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به هاوكارییه‌كی گه‌وره‌تر و كاریگه‌رتر له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له بواری فره‌ڕه‌نگی و فره‌زمانی هه‌نگاو بنێین.