caret-down caret-up caret-left caret-right

30 Jahre Yekmal

Wir suchen Verstärkung

LERNEN IST LICHT

پیرۆزبایی بەبۆنەی بڕیاری پەڕلەمانی ئەڵمانیا بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان

پەڕلەمانی ئەڵمانیا بەیەکدەنگی تاوانی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە دژی ئێزدییەکان-ی بە جینۆساید ناساند.

ئێمە پێمان وایە ئەم بڕیارە مێژوییە، نەک تەنیا بۆ یادکردنەوەی هەزاران ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە کوژراون، بەڵکوو لە هەمان کاتدا دەرفەتێکە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بۆ ئەو کەسانەی کوژراون، بەکۆیلە کراون و ئەشکەنجە دراون، هەروەها بۆ کەسوکاری قوربانییەکان کە هێشتا لە ژیاندا ماون. 

لە بڕیارەکەی پەڕلەمانی ئەڵمانیاشدا هاتووە کە «پەڕلەمانی ئەڵمانیا سەری ڕێز لە بەرانبەر قوربانیانی تاوانەکانی جەنگ و دژبە مرۆڤایەتی کە لەلایەن داعشەوە کراون، دادەنەوێنێت. پێویستە هۆشیارکردنەوەی ڕای گشتی و یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزدییەکان ببێتە یەکێک لە ئەرکەکانی ئەڵمانیا.»

ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ئەم بڕیارە هاوکار دەبێت بۆ هەوڵەکانی جڤاکی ئێزدی لەپێناو هۆشیاری دەربارەی چەوساندنەوەی مێژوویی ئێزدییەکان لە وەڵاتی خۆیان، هەڵاواردنیان و هێرشی گرووپە تووندڕەوە ئیسلامییەکان لە دیاسپۆڕا. 

ئێمە وەک یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکانی ئەڵمانیا لەنزیکەوە لەگەڵ زۆر ماڵبات و کەسی ئێزدی کار دەکەین. لە چوارچێوەی کارەکانماندا زۆر جار تێبینی ئەوە دەکەین و دەبیستین کە ئێزدی هەم بەهۆی ئایین و هەمیش لەبەر ناسنامە و زمانی خۆیان کە کوردییە ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە. ئێمە دەبینین کە هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر کوردان – چ لە ئێران، چ لە تورکیا، چ لە سووریا عێراق – کاریگەری لە ژیانی جڤاکی ئێزدی و تەواوی کوردان لە ئەڵمانیا و وەڵاتانی ئەورووپا دەکات. لەبەرئەوە ئێمە لەو بڕوایەداین کە هەڵاواردنی ئێزدییەکان بەگشتی پەیوەندی بە هەڵاواردنی کوردانەوە هەیە. هەر بۆیەوە پێمان وایە خەبات بۆ داننان و بەهێزکردنی جڤاکی ئێزدی لە ئەڵمانیا، پێویستی بە ستراتیژییەکی فرەوان هەیە بۆ تێکۆشان لە دژی زوڵم و هەڵاواردنی دژ بە تەواوی جڤاکی کوردان لە ئەڵمانیا.

لەم سۆنگەیەوە هیوا و چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە کە بڕیاری پەڕلەمانی ئەڵمانیا بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژبە ئێزدییەکان ببێتە قۆناغێک لە خەباتی بەرفرەوانتری جڤاکی کوردان بۆ دانپێدانان و بەهێزکردنیان.

لە کۆتاییدا، ئێمە هەم پیرۆزبایی لە پێشەنگان و ڕێکخستنەکانی جڤاکی ئێزدی دەکەین کە بێ وچان خەبات دەکەن لەپێناو ئەوەی دۆسیەی ئێزدییەکان بگەیەننە لایەنە سیاسی و جڤاکییەکان، هەمیش پیرۆزبایی لە حکوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا و پارتییە سیاسییەکانی ناو پەڕلەمان دەکەین کە پشتگیرییان لەم بڕیارە کرد و دەنگیان دا بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژبە ئێزدییەکان.

یەکێتیی خێزانە کوردستانییەکانی ئەڵمانیا – یەکماڵ

Meldebogen für Vorfälle

NEUBIHAR

FORSCHUNG