caret-down caret-up caret-left caret-right

30 Jahre Yekmal

Wir suchen Verstärkung

LERNEN IST LICHT

چواردەهەمین سەمپۆزیوومی زمانی دایک سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو

کۆمەڵەکەمان ئەمساڵیش ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکی بە سازکردنی سەمپۆزیوومێکی هیبرید (ڕووبەڕوو و سەرهێڵ) پیرۆز کرد. سەمپۆزیوومەکە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ی شوبات لە برێمەن بەڕێوەچوو. تیایدا زیاتر لە ٩٠ کەس بەشدار بوون کە لەناویاندا سیاسەتمەدار، ڕێکخراوی جڤاکی، پسپۆڕانی زانستی، فێرکار، ڕۆشنبیر، دایکان و باوکان و کەسانی پەیوەندیدار هەبوون. سەرناوی سەمپۆزیوومی ئەمساڵمان بریتی بوو لە وانەکان بە زمانی دایک لە فێرگەکان و جووتەزمانی لە باخچەی ساوایاندا: چاوەڕوانی، داکەوت و ئاسۆی پێشەڕۆژ.

سەمپۆزیوومی ئەمساڵ لە لایەن مونەوەر عەزیزئۆ‌غلوو-بازان هاوبەڕێوەبەری لقی یەکماڵ لە برێمەن و شەریف دەرینجە بەڕێوەبەری ئەکادیمیای یەکماڵ پێشکەش کرا. ڕۆژەڤی سەرەکی دوو بابەت بوون: ٣٠ ساڵەی فێرکاریی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا و دەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکەمین باخچەی ساوایانی جووتەزمانی “کیتا پییا” لە ئەڵمانیا.

ئەزموونی پەروەردەی جووتەزمانی

سەمپۆزیوومەکەمان ڕۆژی ٢٣ی شوبات (هەینی) بە وۆرکشۆپێک دەربارەی گرنگی پەروەردەی جووتەزمانی و بە تایبەتیش زمانی کوردی لە پەروەردەی باخچەی ساوایان، دەستی پێکرد. ئەمەش وەک بنەمایەک بوو بۆ دامەزراندنی باخچەی ساوایانی جووتەزمانیی کوردی-ئەڵمانی لە برێمەن لەسەر هەمان مۆدێلی کیتا پییا لە بەرلین. وۆرکشۆپەکە لە لایەن مونەوەر عەزیزئۆغلوو-بازان پێشکەش کرا و لە کات و شوێنی جیاواز لە لایەن د. یاشار کرغز نوێنەری بەرنامەی زمان لە باخچەی ساوایانی کیتا پییا کرۆیتسبێرگ، بەڕێوەبەرانی هەردوو باخچەی ساوایانی بەرلین سافیە چاڤووش و گوڵستان سۆنمەز، هەروەها خەباتکارانی کۆمیتەی نێونەتەوەیی ڕزگارکردن IRC ئاننا لومما و شیرین زێنگە بەڕێوەبرا. 

پەیامی ئیلهامبەخش

ڕۆژی ٢٤ی شوبات (شەممە) سەمپۆزیوومەکە بە گوتاری بەڕێوەبەری یەکماڵ گونای داریجی کرایەوە. لە قسەکانیدا، گونای خان بە گشتی باسی ڕۆڵ و چالاکییەکانی یەکماڵی کرد لە بواری فرەزمانی و بەشداریی یەکماڵ لە پێشخستنی پەروەردەی جووتەزمانیی کوردی-ئەڵمانی لە قۆناغی سەرەتاییی فێرگەکاندا. هەروەها داوای جێگیرکردنی زمانی کوردی لە قۆناغی ئامادەییدا کرد. 

سێناتۆری منداڵان و پەروەردە لە برێمەن ساشا کارۆلین ئاولێپ بە گوتارە هاندەر و تێگەیشتووەکەی بەشداری لە سەمپۆزیوومەکەماندا کرد. ئەو سەرنجی خستە سەر پابەندبوونی خۆی بە پێشخستنی فرەزمانی بۆ هەموو خوێندکاران لە فێرگەکاندا. خانمی سێناتۆر گوتی، بیرۆکەی جێگیرکردنی زمانی کوردی لە دوای قۆناغی سەرەتایی، دەتوانێت نەک هەر بۆ خوێندکارانی کوردیزمان بەڵکوو بۆ هەموو خوێندکاران بژاردەیەکی گونجاو بێت لە فۆڕمی فێرکاریی زمانە بیانییەکاندا.

هەروەها سەمیر خدر ‌عەبدی سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی کورد لە ئەورووپا و باربارا شوول نوێنەری سەندیکای پەروەردە و زانست GEW لە برێمەن لە کردنەوەی سەمپۆزیوومدا گوتاریان پێشکەش کرد، بەخێرهاتنی میوانەکانیان کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ سەمپۆزیوومەکە خواست.

٣٠ ساڵەی فێرکاریی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا

دواتر گفتوگۆیەکی تایبەت بە سەرناوی “٣٠ ساڵەی فێرکاریی کوردی وەک زمانی دایک لە ئەڵمانیا” دەستی پێکرد کە لە لایەن حەمدیە ئەرتەش پێشکەش کرا. د. هێنینگ شێرف سەرۆکی پێشووی هەرێمی برێمەن و سێناتۆری پێشووی پەروەردە لە برێمەن، د. زەردەشت حاجۆ ڕاوێژکار و پسپۆڕی پەروەردەی مامۆستایان، یایلا بوجاک-مۆنش کارمەندی پێشووی زانستی لە زانینگەی ئۆلدنبورگ، ئەمین ئاکباش یەکێک لە دوو مامۆستای قۆناغی دەستپێکی فێرکاریی کوردی لە ئەڵمانیا و زارادین ئاگرمان یەکێک لە خوێندکارەکانی ساڵانی دەستپێکی وانەی کوردی لە برێمەن بەشداری گفتوگۆکە بوون.

فێرکاریی زمانی دایک لە ئەڵمانیا: پۆتانسیەل، کێشە و پێشبینی

پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ سەمپۆزیوومەکە بە پێشکەشکردنی گوتارێک و دوو پانێل بەردەوام بوو. د. کریستۆف شرۆیدەر لە زانینگەی پۆتسدام گوتارێکی دەربارەی “فێرکاریی زمانی دایک لە ئەڵمانیا: پۆتانسیەل، کێشە و پێشبینی” پێشکەش کرد. تیایدا سەرنجی خستە سەر پاشخانی مێژوویی مۆدێلی فێرکاریی زمانی دایک لە ئەڵمانیا و چۆنەتیی گەشەسەندنی. ناوبراو باسی لەوە کرد کە پێویستە زمانی دایک بە شێوەیەکی واتادارتر لە پلانی چوارچێوەی پەروەردەی گشتیدا جێگیر بکرێت. ئاماژەشی بە ئاڵنگارییەکان کرد لە ڕووی ساختارەوە بۆ جێگیرکردنی زمانی دایک و باسی لێکۆڵینەوەکەی کرد لەسەر فێرکاریی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا.

زەحمەتی و دەرفەتەکان لە فێرکاریی زمانی دایکدا

پانێڵی یەکەم بە سەرناوی “زەحمەتی و پۆتانسیەل لە فێرکاریی زمانی دایکدا: ڕوانگەکانی بواری لێکۆڵینەوە” لە لایەن ئەندامی بۆردی یەکماڵ سۆنا مێرتسیج پێشکەش کرا. تیایدا د. تیل ڤۆیرفەل لە ئینستیتوی مێرکاتۆر بۆ پێشخستنی زمان و زانینگەی کۆلن، شەریف دەرینجە لە ئەکادیمیای یەکماڵ و زانینگەی پۆتسدام، سۆفیا گریگۆریادوو لە زانینگەی دیوسبورگ-ئێسن ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خۆیان لەسەر زۆر لایەنی فێرکاریی زمانی دایک لە ئەڵمانیا خستەڕوو. ئەوان لە لێکۆڵینەوەکانیاندا زمانی کوردی، تورکی و یۆنانییان وەک نموونە وەرگرتووە.

ماتەریالی وانەکان لە فێرکاریی کوردیدا

پانێلی دووەم بە سەرناوی “ئاوڕدانەوەیەک لە ماتەریالەکانی وانەی کوردی” لە لایەن مەسعوود عاقل هاوبەڕێوەبەری لقی یەکماڵ لە برێمەن پێشکەش کرا. لەو پانێلەدا عەبدولقادر ئولوماسکان دەربارەی ماتەریالی وانەی کوردی لە ئەڵمانیا و سەمیر خدر عەبدی دەربارەی دەرفەتی دیجیتاڵی بۆ وانەی کوردی قسەیان کرد. پاشان فاتمە ساڤجی سەرنجی خستە سەر ماتەریالەکانی وانەی کوردی لە سوێد. د. شێخمووس کورت-یش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی خۆی لەسەر لایەنە مێژوویی و پراکتیکییەکانی کتێبەکانی فێرکاریی کوردی لە فێرگەکانی تورکیا خستەڕوو.

سەمپۆزیوومەکەمان سەرکەوتوو بوو

بە گشتی، سەمپۆزیوومەکەمان زەمینەساز بوو بۆ گفتوگۆی زیندوو و ئاڵوگۆڕی بیروڕا. هەرچەندە چەند کێشەیەکی تەکنیکی و دواکەوتن هاتنە پێش، بەڵام سەمپۆزیوومەکە بە ئارامی بەڕێوەچوو و گەیشتە ئامانجی خۆی. ئەم پلاتفۆڕمە کەشوهەوایەکی بۆ کەسانی پاشخانجیاواز ئافراند تا لەسەر لایەنە ڕەخنەییەکانی بابەتی وانەی زمانی دایک و پەروەردەی جووتەزمانی قسە بکەن، بە تایبەت لەسەر زمانی کوردی.

ئێمە لەو بڕوایەداین سەرکەوتنی سەمپۆزیوومەکە ڕێ لە بەردەم هاوکاری و چالاکیی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی پەروەردەی زمانی دایک و جووتەزمانی لە ئەڵمانیا دەکاتەوە. گفتوگۆی تێگەیشتوانە و بۆچوونە بەنرخەکان کۆدەکرێنەوە و بڵاودەکرێنەوە بۆ ئەوەی سوود بە دەستپێشخەرییەکانی داهاتوو بگەیەنن و کاریگەری لە پێشکەوتنە سیاسییەکان لەم بوارە گرنگەدا بکەن.

ئێمە سپاسی هاوکار، هاوبەش و پشتگیرەکانمان دەکەین

لە بەرانبەر هاوکارییە بەسوود و هاندەرەکەیان، سپاسی کۆمەڵەی مامۆستایانی کورد لە ئەورووپا و سەندیکای پەروەردە و زانست GEW لە برێمەن دەکەین. لەو بڕوایەداین کە زۆر گرنگە هاوکارییەکانمان لە داهاتووشدا بەردەوام بن. هەروەها شادمانین بە هاوکاری لەگەڵ عەبدولقادر ئولوماسکان، ئەمین ئاکباش و باربارا شوول کە نوێنەرایەتیی هاوبەشەکانمان دەکەن لە سەمپۆزیوومەکەدا. 

سپاسێکی تایبەت بۆ وەرگێڕانی هێژا مزگین ئالپبۆگا و جەلیل کایا کە توانیان بە ئەڵمانی و کوردی بەشدارانی فرەزمانی سەمپۆزیوومەکەمان بگەیەننە یەک.

لە کۆتاییدا سپاسی پشتگیری داراییمان پڕۆژەی STaP forwardsی یەکماڵ دەکەین. ئەم پڕۆژەیە لە لایەن “Berliner Partizipations- und Integrationsprogramm”, “House of Resources” و “Demokratie Leben” پارەدار دەکرێت.

Meldebogen für Vorfälle

NEUBIHAR

FORSCHUNG